داڕێژەرانی تاوانە دڕندانەکان دەزگای دەوڵەت و ڕێکخستنی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»ی ساڵی ٢٠٢٢ لە ئێران

دەسەڵاتدارانی ئێران لە نێوان خەرمانان و بەفرانباری ١٤٠١دا شەپۆلێک لە کردە دڕندەییەکانیان بەرپا کرد، لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان سەرانسەری ئێرانی گرتبوو و دواتر بە ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی» ناسرا. هێزە ئەمنییەکان کە دەسەڵاتداران بەکاریانهێنابوون، لەم ماوەیەدا بە نایاسایی سەدان خۆپیشاندەر و تێپەڕبوویان کوشت، کە دەیان منداڵیشیان تێدابوو. هەزاران کەسی دیکەیان تووشی دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە، دەستبەسەری بەبێ پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجە یان مامەڵەی خراپی دیکە کرد. هەندێک لەو کەسانەی بەهۆی پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانەوە دەستبەسەرکرابوون، تووشی دەستدرێژیی سێکسی و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژیی سێکسی کران. لەو کەسانەی کرابوونە ئامانج، منداڵیش هەبوو. هەروەها بنەماڵە ماتەمگێڕەکانی ئەو کەسانەی کوژرابوون، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەچەوسێنرانەوە.

Choose a language to view report

Download PDF